×
ئه‌م وتاره‌ بریتیه‌ له‌ وه‌رگێرانی به‌شیك له‌ په‌رتووكی ( هۆكاره‌كانی ثه‌بات وجێگیر بوون له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌ ) كه‌ شێخ محمد كوڕی صالحی المنجد نوسیویه‌تی، نووسه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات : متمانه‌ بوون به‌و ڕێگا و رێبازه‌ی كه‌ موسڵمان گرتویه‌تیه‌ به‌ر و بانگه‌واز كردنیش بۆی هۆكارێكین له‌و هۆكارنه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ثه‌بات وجێگیربوون له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌، چونكه‌ مرۆڤی باوه‌ڕدار چه‌ندێك متمانه‌ی به‌كاره‌ی هه‌بێت هێنده‌ وزیاتریش به‌رده‌وامی و ثه‌باتی له‌سه‌ر ئاینه‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت، وه‌ بانگه‌واز بۆ لای مه‌نهه‌جێكی راست و دروست، به‌ به‌خشین و ته‌رخانكردنی كاتی خۆت، وتێفكرین، وهه‌وڵ و تیكۆشانی لاشه‌ وزمان و مال وسامانت، وا له‌ تاكی موسڵمان ده‌كات كه‌ هه‌موو هه‌م و غه‌مێكی خزمه‌تكردنی ئاینه‌كه‌ی خوا بیت، ئه‌مه‌ش ته‌واوی ئه‌و ڕێگا و كون وكه‌له‌به‌رانه‌ له‌شه‌یتان داده‌خات كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگایانه‌وه‌ زه‌فه‌ر به‌ موسڵمان ده‌بات پێی وده‌یه‌وێت له‌ خشته‌ی ببات.

    متمانه‌ بوون به‌ به‌رنامه‌ی ئیسلام وبانگه‌واز كردن بۆلای خوای گه‌وره‌

    هۆكارن‌ بۆ جێگیر بوون و ثه‌بات له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌

    الثقة بالطريق وممارسة الدعوة إلى الله عز وجل

    من وسائل الثبات علی دین الله

    < كوردی -كردي - kurdish >

    شێخ محمد كوڕی صالح ئه‌لمونه‌جید

    الشيخ محمد بن صالح المنجد

    —™

    وه‌رگێرانی: ده‌سته‌ی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام هاوس

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    ترجمة : فريق اللغة الكردية بموقع دار الإسلام

    مراجعة: بشتیوان صابر عزیز

    متمانه‌ بوون به‌ به‌رنامه‌ی ئیسلام وبانگه‌واز كردن بۆلای خوای گه‌وره‌

    سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان وه‌ درود وصه‌ڵات وسه‌لام بۆ سه‌ر محمدی كوڕی عه‌بدوڵا و ئال وبه‌یت و یار ویاوه‌ر و شوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    گومانی تێدا نیه‌ مرۆڤی موسڵمان تاچی ئه‌ندازه‌یه‌ك متمانه‌ی به‌و ڕێگا وڕیبازه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌ڵی بژاردووه‌ و له‌سه‌ریه‌تی هێنده‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر خۆڕاگری و جێگیر بوون ثه‌بات له‌سه‌ری، ئه‌م متمانه‌ و بڕوابه‌خۆبوونه‌ش به‌هه‌ندێك هۆكار ده‌بن :-

    - هه‌ست وده‌ركردن به‌وه‌ی ئه‌و ڕێبازه‌ ڕاست ودروسته‌ی كه‌ گرتووته‌ به‌ر برای ئازیزم ڕێباز وئاینێكی نوێ نیه‌ وله‌دایك بووی ئه‌م سه‌ده‌ و زه‌مانه‌ نیه‌، به‌ڵكو ڕێبازێكی دێرینه‌ وسه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌ران و ڕاستگۆیان و زانایان و شه‌هیدان و پیاوچاكانی له‌سه‌ر بووه‌ ( صه‌ڵات وسه‌لامی خوا له‌سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌ران و ڕه‌حمه‌تی خوایش له‌وانی تر بێت ) ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بیرت كرده‌وه‌ ئه‌وا هه‌ست به‌ غوربه‌ت و نامۆ بوون ناكه‌یت له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، بگره‌ هه‌ست به‌ نامۆ بوونت ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه‌ بكه‌یت كه‌ تۆ و به‌رنامه‌ و رێبازه‌كه‌شت ڕوكنێكی گه‌وره‌ی ژینگه‌ وژیانی خه‌ڵكین، دڵته‌نگی وبێزاریت بگۆڕێت به‌ خۆشی و دڵشادی، چونكه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت هه‌موو ئه‌و پێغه‌مبه‌ر و پیاوچاكانه‌ برای تۆ بوون وده‌ستا وده‌ست ونه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ خه‌ریكی گه‌یاندنی ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ ئیلاهیه‌ن .

    - هه‌ست كردن به‌وه‌ی به‌ڕێزت یه‌كێكی له‌وانه‌ی خوای گه‌وره‌ ده‌ست نیشانی كردوویت و هه‌ڵیبژاردویت بۆ گه‌یاندنی ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ كه‌ كێو وشاخه‌كان به‌رگه‌یان نه‌گرت له‌ ئاستیدا، خوای گه‌وره‌ له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌نده‌ ڕاست ودروسته‌كانیه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ قُلِ ٱلحَمدُ لِلَّهِ وَسَلَٰمٌ عَلَىٰ عِبَادِهِ ٱلَّذِينَ ٱصطَفَىٰ ءَاللَّهُ خَيرٌ أَمَّا يُشرِكُون ﴾ [ النمل : 59 ] . واتا : ئه‌ی موحه‌ممه‌د (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ! بڵێ: سوپاس و ستاییشی ته‌واو هه‌ر بۆ خوای میهره‌بان، له‌به‌رامبه‌ر له‌ناو بردنی بێ بڕوایاندا، سڵاو و دروودیش له‌سه‌ر ئه‌و به‌ندانه‌ی خۆی هه‌ڵیبژاردون، بۆهه‌ڵگرتن و گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی خۆی .

    هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : ﴿ ثُمَّ أَورَثنَا ٱلكِتَٰبَ ٱلَّذِينَ ٱصطَفَينَا مِن عِبَادِنَا ﴾ [ فاطر : 32 ] . واتا : له‌پاشان ئه‌م قورئانه‌مان كرده‌ میرات و كه‌له‌پوور بۆ ئه‌و به‌ندانه‌مان كه‌ هه‌ڵمان بژاردن، به‌ڵێ... ئه‌م ئوممه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌ (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) چاكترین گه‌لی هه‌ڵبژێرراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م قورئانه‌ دوای په‌یامبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) دراوه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌وان .

    وه‌ له‌باره‌ی یوسفه‌وه‌ ( سه‌لامی خوای لێ بێت ) كه‌ چۆن هه‌ڵیبژارد بۆ كاری پێغه‌مبه‌رایه‌تی فه‌رموویه‌تی : ﴿ وَكَذَٰلِكَ يَجتَبِيكَ رَبُّكَ وَيُعَلِّمُكَ مِن تَأوِيلِ ٱلأَحَادِيث ﴾ [ يوسف : 6 ] . واتا : به‌و شێوه‌یه‌ش خوای په‌روه‌ردگارت تۆ دیاری ده‌کات و هه‌ڵتده‌بژێردیت (بۆ پێغه‌مبه‌رێتی) و هه‌ندێك لێکدانه‌وه‌ی خه‌وت فێر ده‌کات .

    هه‌رچۆنێك خوای گه‌وره‌ له‌ناو مرۆڤه‌كاندا كه‌سانێكی هه‌ڵبژارد و كردنی به‌ پێغه‌مبه‌ر بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی، به‌هه‌مان شێوه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ناو به‌نده‌ چاك خواناسه‌كانیشیدا كۆمه‌ڵیك كه‌س ئاماده‌ ده‌كات كه‌ ببن به‌ سه‌ر قافڵه‌ وسه‌رمه‌شقی خه‌ڵكی تاوه‌كو ئه‌و میراته‌ی له‌ پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ بۆیان ماوه‌ته‌وه‌ له‌ یه‌كخواپه‌رستی وزانست و زانیاری بیگه‌یه‌نن به‌ خه‌ڵكی .

    - هه‌ستت چۆن بوو ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ تۆی به‌ به‌ردێك یان دارێك یان هه‌ر بێ گیانێكی تر دروست بكردایه‌، یان زیاتر له‌وه‌ وه‌ك ئاژه‌ڵیك ووڵاخێك، یان بێباوه‌ڕێك یان مولحیدێك یان كه‌سێكی فاسق و فاجر وتاوانبار خه‌لق بكردایه‌، یان سه‌رمه‌شقی خه‌ڵكی بویتایه‌ بۆ گومڕاكردن و سه‌ر لێشێواندیان ؟

    ئێستا هه‌ست به‌ ناز ونیعمه‌تی خوای گه‌وره‌ ده‌كه‌یت كه‌ په‌روه‌رگار فه‌زڵ وچاكه‌ی له‌گه‌ڵ كردویت و كردویتی به‌ بانگخوازێكی خاوه‌ن مه‌نهه‌جێكی ڕاست ودروستی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ؟ ئایا ئه‌مه‌ نابێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌سه‌ر ئاینه‌كه‌ی خوای گه‌وه‌ ثه‌بات و جێگیر بێت و هیچ ڕه‌شه‌با و زریانی بێباوه‌ڕی له‌خشته‌ی نه‌بات وبه‌لاڕێدا نه‌یبات ؟

    پاش ئه‌وه‌ی ته‌واو متمانه‌ت به‌خۆت په‌یدا كرد و زانیت كه‌ خۆت به‌ ته‌نها نیت و كه‌سانێكی تر له‌ پێشینانی تۆ هۆكاری ئه‌وه‌ بوون ئه‌م ئاینه‌ بگاته‌ ده‌ست ئێمه‌، ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو دامه‌زراوتر بیت، پێویسته‌ جه‌نابیشت ئه‌دای ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ بكه‌یت و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ خوا و پیغه‌مبه‌ره‌كه‌ی داوایان كردووه‌ خه‌ڵكی بانگ كه‌یت بۆ نیعمه‌تی ئیمان و ئیسلام، چونكه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ بێباوه‌ڕی و شیرك و تاواندا غه‌رقی ئاره‌زووه‌كانیان بوون و پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌سێك ده‌ستیان بگریت وله‌ خه‌وی غه‌فڵه‌ت به‌ ئاگایان بێنێته‌وه‌.

    چونكه‌ ده‌روونی مرۆڤ سروشتی وایه‌ ئه‌گه‌ر نه‌تجوڵاند ئه‌وا توشی بێتاقه‌تی و خمول ده‌بێت، ئاویش بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ جێگایه‌كدا مایه‌وه‌ بۆگه‌ن ده‌كات، بۆیه‌ گه‌وره‌ترین مه‌جالی جوڵانی ده‌رونیش ئه‌وه‌یه‌ خه‌ریكی بكه‌یت به‌ بانگه‌واز و خه‌ڵكی بان كردن بۆ لای دینه‌كه‌ی خوا، چونكه‌ ئه‌وه‌ كاری سه‌ره‌كی سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌ران بووه‌ ( صه‌ڵات وسه‌لامی خوا له‌هه‌موویان بێت )، بانگه‌واز ده‌روون پاكوخاوێن ده‌كاته‌وه‌ له‌ ژه‌نگ وژاری تاوان و گوناه وگرێ ده‌روونیه‌كان، بانگه‌واز تاقه‌ و تواناكان گه‌شه‌ پێ ده‌كات وله‌ خه‌می تاكه‌ كه‌سیه‌وه‌ فێرت ده‌كات خه‌می ئومه‌تێك بخوێت، فێری ئه‌وه‌ت ده‌كات كه‌ له‌ ئاره‌زووه‌ بچوكه‌كانه‌وه‌ طومحی به‌رز وگه‌وره‌ت هه‌بێت، فێری به‌جێهێنانی كاری پیاوه‌ گه‌وره‌كانی مێژووت ده‌كات، چونكه‌ هه‌میشه‌ مێژوو شانازی به‌و كه‌سانه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رهه‌مێكیان پیشكه‌ش كردووه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی و بوون به‌ سه‌رمه‌شقی خه‌ڵكی، بۆیه‌ ﴿ فلذلك فادع واستقم كما أمرت ﴾ ده‌ست بكه‌ به‌ بانگه‌واز بۆلای دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ و به‌رده‌وامبه‌ له‌سه‌ری وه‌ك ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێكردوویت، چونكه‌ شتێك نیه‌ ناوی ئه‌وه‌ بێت فڵان كه‌س نه‌ پێشده‌كه‌وێت و نه‌ پاشیش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌روون و نه‌فست ئه‌گه‌ر مه‌شغولت نه‌كرد به‌ طاعه‌ و گوێڕایه‌ڵی په‌روه‌ردگاره‌ته‌وه‌ گومانت نه‌بێت له‌وه‌ی خه‌ریكی تاوان وسه‌رپێچی ئه‌و ده‌بێت، چونكه‌ ئیمان وباوه‌ر وه‌ك زانایانی پیشینی ئومه‌تی ئیسلام ووتویانه‌ زیاد و كه‌م ده‌كات، به‌ طاعه‌ت و خواناسی زیاد ده‌كات و به‌ تاوان و سه‌رپێچیش كه‌م ده‌كات، بۆیه‌ هه‌میشه‌ سه‌رگه‌رمی بانگی خه‌ڵك كردن به‌ بۆ چاكه‌ و چاكه‌خوازی، ئه‌گه‌ر به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی سه‌ر لێوه‌كانیشت بو بێت، ئه‌گه‌ر به‌ ووته‌یه‌كی جوان وشیرین بێت، چونكه‌ جاری واهه‌یه‌ ووته‌یه‌كی جوان وشیرین ده‌بێته‌ هۆی هیدایه‌تدانی كه‌سێك یان كه‌سانێك، بۆیه‌ هیچ شتێك به‌كه‌م مه‌زانه‌ .

    بانگه‌واز بۆ لای مه‌نهه‌جێكی راست و دروست، به‌ به‌خشین و ته‌رخانكردنی كاتی خۆت، وتێفكرین، وهه‌وڵ و تیكۆشانی لاشه‌ وزمان و مال وسامانت، وا له‌ تاكی موسڵمان ده‌كات كه‌ هه‌موو هه‌م و غه‌مێكی خزمه‌تكردنی ئاینه‌كه‌ی خوا بێت، ئه‌مه‌ش ته‌واوی ئه‌و ڕێگا و كون وكه‌له‌به‌رانه‌ له‌شه‌یتان داده‌خات كه‌ هه‌میشه‌ له‌و‌ ڕێگایانه‌وه‌ زه‌فه‌ر به‌ موسڵمان ده‌بات پێی وده‌یه‌وێت له‌ خشته‌ی ببات، بۆیه‌ بانگه‌واز هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ثه‌بات وجێگیر بوون له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌ .

    زياد له‌مانه‌یش ئه‌و هه‌ست و نه‌سته‌ی كه‌ بانگخواز هه‌میشه‌ وا لێده‌كات كه‌ فێری ته‌حه‌دای ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گرێ و كۆست و له‌مبه‌رانه‌ی دێنه‌ڕێ و ده‌یخه‌نه‌ ڕێی له‌ لایه‌ن دوژمنان و ئه‌هلی باطله‌وه‌، گوێ به‌هیچیان نادات و وه‌ك هه‌میشه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر كاری پیرۆزی خۆی، ئه‌مه‌ش ڕۆژ به‌ رۆژ ئیمان وباوه‌ڕی به‌رزتر ده‌كاته‌وه‌ وكۆڵه‌كه‌كانی زیاتر به‌ناخی زه‌ویدا ده‌باته خوار، چونكه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات خاوه‌نی په‌یامێكه‌ سونه‌تی وایه‌ به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌هه‌ر جێگایه‌ك هه‌ق وڕاستی بانگه‌وازی كردبێت بێباوه‌ڕی ودوور له‌خوایی دژایه‌تیان كردووه‌ و به‌ گژیدا چوونه‌ته‌وه‌.

    له‌كۆتاییه‌وه‌ ده‌ڵێین : بانگه‌واز بۆلای خوا كردن له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی پاداشتیكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و هۆكارێكیشه‌ بۆ ثه‌بات و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئیسلام، له‌ هه‌مان كاتیشدا پارێزه‌ری هه‌ڵگره‌كه‌شیه‌تی له‌ پاشه‌كه‌شه‌ كردن وخه‌م و خه‌فت خواردن، چونكه‌ ئه‌و‌ كه‌سه‌ی كه‌ هێرش ده‌كات پێویستی به‌ به‌رگری له‌خۆ كردن نیه‌، خوای گه‌وره‌ش هه‌میشه‌ له‌گه‌ل به‌نده‌ موخلیص و بانگخوازه‌ دڵسۆزه‌كانیدایه‌، به‌وه‌ی ثه‌باتیان پێده‌به‌خشێت و هه‌نگاوه‌كانیان ئامانجدار ده‌كات، چونكه‌ بانگخواز وه‌ك پزیشك وایه‌ كه‌ به‌ پسپۆڕی و زانست وزانیاركه‌ی نه‌خۆشیه‌كان بنه‌بڕ ده‌كات، بۆیه‌ هه‌وڵیش ده‌دات خۆیانی لێ بپارزێت، بانگخوازیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌كانی بێباوه‌ری ده‌كات، وزامی برینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ تیمار ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌دات خۆی به‌دوور بێت له‌و گرفت ولادانانه‌ی كه‌ دووچاری خه‌لكی و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بنه‌وه‌ ..

    سه‌رچاوه‌ : په‌رتووكی : وسائل الثبات علی دین الله .