×
پرسیارێكه له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوسه‌وه‌ وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قی پرسیاره‌كه‌یه‌ : "هه‌ندێك له‌ حاجيان و عومره‌كاران ده‌بینین له‌كاتی ته‌واف كردندا به‌نێو حیجری ئیسماعیلدا تێده‌په‌ڕن، ئایا حوكمی ته‌واف كردن له‌ناو حیجری ئیسماعیله‌وه‌ چیه‌ ؟".

    حوكمی ته‌واف كردن له‌ناو حیجری ئیسماعیله‌وه‌

    حكم الطواف داخل حجر إسماعيل

    < كوردي >

    ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس

    فريق القسم الكردي بموقع إسلام هاوس

    —™

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    مراجعة: بشتیوان صابر عه‌زیز

    حوكمی ته‌واف كردن له‌ناو حیجری ئیسماعیله‌وه‌

    ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس كراوه‌ :

    پرسیار : هه‌ندێك له‌ حاجيان و عومره‌كاران ده‌بینین له‌كاتی ته‌واف كردندا به‌نێو حیجری ئیسماعیلدا تێده‌په‌ڕن، ئایا حوكمی ته‌واف كردن له‌ناو حیجری ئیسماعیله‌وه‌ چیه‌ ؟

    وه‌ڵام : سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ودروود وصه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمدی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئال وبه‌یت و هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    یه‌كێك له‌و هه‌ڵه‌ باوانه‌ی كه‌ حاجیان و عومره‌كاران تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خێرا شه‌وته‌كانی ته‌واف ته‌واو بكه‌ن، یان هه‌ر به‌ نه‌زانی له‌كاتی ته‌واف كردندا هه‌ڵده‌سن به‌ناوی حیجری ئیسماعیلدا تێده‌په‌ڕن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كان، چونكه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌و كه‌سانه‌ ته‌وافی هه‌موو به‌یتیان نه‌كردووه‌، به‌لكو ته‌وافی هه‌ندێكیان كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حیجری ئیسماعیل به‌شێكه‌ له‌ به‌یت، ئه‌و كه‌سانه‌ش ته‌واف به‌ناو حیجری ئیسماعیلدا ده‌كه‌ن ته‌وافه‌كه‌یان دروست نیه‌، و ده‌بێت دووباره‌ی بكه‌نه‌وه‌...

    چونكه‌ كاتی خۆی و به‌پێی ئه‌و بناغه‌ و ئه‌ساس و قواعیده‌ی كه‌ باوكی پێغه‌مبه‌ران دایناوه‌ بۆ كه‌عبه‌ و كه‌عبه‌ی له‌سه‌ر بنیات ناوه‌ حیجری ئێستای ئیسماعیل به‌شێك بووه‌ له‌ كه‌عبه، چونكه‌ كاتی خۆی و پێش هاتنی ئیسلام، قوڕه‌یش وویستیان كه‌ جارێكی تر بینای كه‌عبه‌ نوێ بكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ پێویستی به‌ نه‌فه‌قه‌ و خه‌رجی هه‌بوو، ئه‌وانیش بۆ ئه‌م مه‌سئه‌له‌یه‌ به‌مه‌رجیان گرت كه‌ ده‌بێت له‌ پاكترین ماڵی خۆیان نه‌فه‌قه‌ و خه‌رجی بیناكردنه‌وه‌ی كه‌عبه‌ ته‌واو بكه‌ن، ووتیان نابێت ئه‌و خه‌رجیه‌ پاره‌ی داوێن پیسی و ڕیبا خۆری و پاره‌یه‌كی تێ بكه‌ن كه‌ به‌ زوڵم وسته‌م كردن به‌ده‌ست هات، بۆیه‌‌ خه‌رجیه‌كانی ئه‌م نوژه‌ن كردنه‌وه‌ كورتی هێنا، بۆیه‌ كاتێك گه‌یشتنه‌ ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ ( حیجری ئیسماعیل ) ی تێده‌كه‌وێت پاره‌ و خه‌رجیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ما، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ووتیان واز له‌ نۆژه‌ن كرنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌هێنین تا كاتێكی تر، ئیتر ڕۆژگار تێپه‌ڕی و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ مایه‌وه‌، تا هاتنی ئیسلام و ڕه‌وانه‌ كردنی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) و ڕزگار كردنی شاری مه‌ككه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) زۆر پێی خۆش بوو كه‌ جارێكی تر كه‌عبه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ بناغه‌ ئه‌صڵیه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تازه‌ هاتبونه‌ نێو ئیسلامه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ترسی له‌وه‌ هه‌بوو كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و كاره‌یان پێ قبوڵ نه‌بێت بۆیه‌ وازی لێهێنا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی گه‌وره‌ی تر، كه‌ دروست نه‌كردنی ناكۆكی و ته‌فره‌قه‌ بوو له‌نێو ڕێزی موسڵماناندا، هه‌روه‌ك بوخاری ڕیوایه‌تی كردووه‌ : عائشة ( رضي الله عنها ) أن النبي صلى الله عليه وسلم قال لها:{ يا عائشة، لولا أن قومك حديثُ عهد بجاهلية لأمرت بالبيت فهدم، فأدخلت فيه ما أخرج منه، وألزقته بالأرض، وجعلت له بابين، بابًا شرقيًا وبابًا غربيًا، فبلغت به أساس إبراهيم} [ رواه البخاري ] .

    واتا : عائيشه‌ی دایكی باوه‌ڕداران ( خوای لێ ڕازی بیت ) ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت : پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) پێی فه‌رمووه‌ : ئه‌ی عائیشه‌ ئه‌گه‌ر قه‌وم و هۆزه‌كه‌ت تازه‌ به‌ تازه‌ وازیان له‌ نه‌فامی نه‌هێنابا، فه‌رمانم ده‌كرد كه‌عبه‌ بڕوخێنن، و ئه‌وه‌ی كه‌ كاتی خۆی به‌شێك بووه‌ لێی – مه‌به‌ست پێی حیجری ئیسماعیله‌ - ده‌مخسته‌وه‌ سه‌ر بینای كه‌عبه‌، و ده‌منوسانده‌وه‌ به‌ زه‌ویه‌وه‌، و دوو ده‌رگام تێده‌كرد، ده‌رگایه‌ك له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ و ده‌رگایه‌كیش له‌ ڕۆژئاواوه‌، به‌وه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌ساسه‌كه‌ی ئیبراهیم ..

    به‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ حیجری ئیسماعیل به‌شێكه‌ له‌ناو به‌یت، نه‌ك هه‌ر هێنده‌ به‌ڵكو له‌ ڕیوایه‌تێكی تردا هاتووه‌، : عن عائشة رضي الله عنها قالت : كنت أحب أن أدخل البيت فأصلي فيه ، فأخذ رسول الله صلى الله عليه و سلم بيدي فأدخلني الْحِجْر ، فقال : {صلي في الحجر إن أردت دخول البيت ، فإنما هو قطعة من البيت ، ولكن قومك استقصروه حين بنوا الكعبة فأخْرَجُوه من البيت} . [ رواه الإمام أحمد وأبو داود والترمذي والنسائي . وصححه الألباني والأرناؤوط ].

    واتا : عائیشه‌ی دایكی بڕواداران ( خوای لێ ڕازی بێت ) ده‌ڵێت : حه‌زم ده‌كرد كه‌ بچمه‌ ناو به‌یته‌وه‌ و نوێژی تیدا بكه‌م، پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌ستی گرتم وخستمیه‌ ناو حیجری ئیسماعیله‌وه‌، و فه‌رمووی : له‌ حیجردا نوێژ بكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بچیته‌ ناو به‌یته‌وه‌، چونكه‌ حیجر به‌شێكه‌ له‌ به‌یت، به‌ڵام قه‌وم و هۆزه‌كه‌ت كاتێك كه‌عبه‌یان نۆژه‌ن كرده‌وه‌ نه‌فه‌قه‌ و خه‌رجیان پی نه‌ما و له‌ به‌یت خستیانه‌ ده‌ره‌وه‌ ..

    خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ ..