×
پرسیارێكه‌‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ده‌قی پرسیاره‌كه ئه‌مه‌یه‌‌ ئایا خواردنی گۆشتی قرژاڵ له‌ئیسلامدا حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رامه؟».

    حوكمی خواردنی گۆشتی قرژاڵ

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2012 - 1433

    ﴿ حكم أكل سرطان البحر ﴾

    « باللغة الكردية »

    فريق قسم اللغة الكردية بموقع دار الإسلام

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2012 - 1433

    حوكمی خواردنی گۆشتی قرژاڵ

    پرسیار : ئایا خواردنی گۆشتی قرژاڵ له‌ئیسلامدا حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رامه‌ ؟

    وه‌ڵام : زانایان له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا یه‌ك ڕانین وڕایان جیاوازه‌ له‌باره‌ی ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ی كه‌ له‌ئاو و ووشكانیشدا ده‌توانن بژین، وه‌ك كیسه‌ڵ وقرژانگ وبۆق .

    یه‌كه‌م / ڕای مالیكیه‌كان :

    ئیمامی مالیك ڕای وایه‌ كه‌ خواردنی گۆشتی گیانله‌به‌رانی ناو ده‌ریا هه‌ر هه‌مووی حه‌ڵاڵه‌ به‌ گۆشتی قرژانگیشه‌وه‌، ئه‌ویش به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : ) أُحِلَّ لَكُمۡ صَيۡدُ ٱلۡبَحۡرِ وَطَعَامُهُۥ مَتَٰعٗا لَّكُمۡ وَلِلسَّيَّارَةِۖ ({المائدة :96} واته‌ : ڕاو (ی نێچیر) و خوارده‌مه‌نی ده‌ریایی حه‌ڵاڵ کراوه‌ بۆتان تا ئێوه ‌و گه‌شتیاره‌کان سوودی لێ وه‌ربگرن .

    دووه‌م / ڕای شافعیه‌كان :

    ئیمامی نه‌وه‌ویش له‌ مه‌جموعدا ده‌ڵێت : ڕای دروست و ڕاست لای شافعیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ گۆشتی مرداره‌وه‌ بووی گیانله‌به‌رانی ناو ده‌ریا هه‌ر هه‌مووی حه‌ڵاڵه‌، بۆق نه‌بێت، وه‌هه‌ندێك له‌ زاناینی شافعی ده‌ڵین گۆشتی كیسه‌ڵ وماری ئاوییش حه‌رامه‌ ودروست نییه‌ بخورێت {المجموع : النووي، (ج9/ص32 -33) } .

    شه‌ربینی خاوه‌نی كتابی مغني المحتاج ییش كه‌ زانایه‌كی شافعی مه‌زهه‌به‌ ئه‌ڵێت : هاوه‌ڵانمان له‌ مه‌زهه‌بی شافعی یان هه‌ندێكیان ده‌ڵێن : ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌ریادایه‌ خواردنی گۆشته‌كه‌ی حه‌ڵاڵه‌ خواردنی گۆشتی بۆق نه‌بێت چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ڕێگری كردووه‌ له‌ كوشتنی بۆق {المغني المحتاج (ج4/ص298) وه‌ك ڕیوایه‌تكراوه‌ : « نهی رسول الله (صلی الله علیه وسلم) عن قتل الضفدع » {سنن الدارمي، كتاب الأضاحي، باب النهي عن قتل الضفدع والنحلة}.

    سێهه‌م / ڕای حه‌نبه‌لیه‌كان :

    خاوه‌نی كتابی المغني ابن القدامة المقدسي ئه‌ڵێت : هه‌رگیانله‌به‌رێكی ده‌ریا كه‌ له‌ووشكانیشدا بژی، به‌بێ سه‌ربڕین دروست نیه‌ بخورێت، وه‌ك باڵنده‌ی ده‌ریا وكیسه‌ڵ وسه‌گ ئاوی، وئه‌وه‌یان نه‌بێت كه‌ خوێنی نییه‌ وه‌ قرژانگ دروسته‌ به‌بێ سه‌ربڕینیش بخورێت {المغني لابن القدامة : (ج11/ص83)} .

    چواره‌م / ڕای حه‌نه‌فیه‌كان :

    خاوه‌نی كتابی بدائع الصنائع أبو بكر بن مسعود الكاساني، له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕای حه‌نه‌فیه‌كان نقڵ ده‌كات وده‌ڵێت : له‌ناو گیانله‌به‌رانی ده‌ریادا ته‌نها ماسی حه‌ڵاڵه‌‌ بخورێت، جگه‌له‌ ماسی خواردنی هه‌مووی حه‌رامه‌ .{بدائع الصنائع (ج5/ص35)} .

    به‌كورتی سه‌باره‌ت به‌ خواردنی گۆشتی قرژانگ :

    جمهوری زانایان ڕایان وایه‌ كه‌ خواردنی گۆشتی قرژانگ حه‌ڵاڵه‌ به‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ پێشتر خستیانه‌‌ ڕوو.

    حه‌نه‌فیه‌كانیش پێیان دروست نیه‌ خواردنی .

    وه‌ڕای دروستیش ڕای جمهوری زانایانه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر به‌هێزی به‌ڵگه‌كانیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ی تریش نییه‌ له‌سه‌ر حه‌رام بوونی قرژانگ .

    خوای گه‌وره‌ زاناو شاره‌زاتره‌.