×
ئه‌م بابه‌ته‌ باس له‌ سزای دزیكردن ده‌كات له‌ ڕوانگه‌ی قورئان وسوننه‌ته‌وه‌.

    سزای دزیكردن

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    شێخ الاسلام ئیبن تهیمیه

    ڕهحمهتی خوای لێبێت

    وهرگێڕانی: عوسمان ئهحمهد

    پێداچونهوهی: پشتیوان سابیر عهزیز

    2013 - 1434

    عقوبة السرقة

    « باللغة الكردية »

    شيخ الإسلام ابن تيمية

    يرحمه الله تعالى

    ترجمة: عثمان أحمد

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2013 - 1434

    سزای دزیكردن

    دز پێویستە دەستی ڕاستی ببڕێت بە پێی قورئان و سونەت و كۆڕای زانایان (الإجماع)، خودا دەفەرموێت: ( وَالسَّارِقُ وَالسَّارِقَةُ فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا جَزَاءً بِمَا كَسَبَا نَكَالًا مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ فَمَنْ تَابَ مِنْ بَعْدِ ظُلْمِهِ وَأَصْلَحَ فَإِنَّ اللَّهَ يَتُوبُ عَلَيْهِ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ ) [سورة المائدة: (38،39)] .

    واتە: پیاوی دز و ژنی دز دەستیان ببڕن لە سزای ئەو كارەی كردویانە، ئەوە تۆڵەیە لەلایەن خوداوە، خودا بەتوانا و دانایە، ئەوەی دوای ئەو ستەمەی تۆبەبكات و كاری باش بكات، ئەوە خودا لێی خۆش دەبێت،خودا لێبوردە و بەبەزەییە.

    وە دروست نییە دوای جێگیر بوونی ئەو تاوانە سزاكەی دوابخرێت، نە بە زیندانی كردن وە نە بەپارە وەرگرتن و هیچ شتێكی تر، بەڵكو دەستی دەبڕێت لە هەموو كاتێكدا تەنانەت لەكاتە پیرۆزەكانیشدا، چونكە ئەنجامدانی ئەو سزایانە خوداپەرستیە، وەكو تێكۆشانە لەپێناوی خودا، پێویستە خەڵكی بزانێت دانانی ئەو جۆرە سزایانە ڕەحمەتی خودایە بۆ بەندەكانی، پێویستە كاربەدەستان زۆر توند بن لە ئەنجامدانی ئەو سزایانە بەسەر تاوانباراندا، وە نابێت بەزەییان بێتەوە بەو جۆرە كەسانەدا و ئەو سزایە نەسەپێنن،وە دەبێت لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سزایانە مەبەستیان قازانجی كۆمەڵگا بێت، بەڕێگە گرتن لە خراپەكاران، نە لەبەر توڕەی وخۆسەپاندن بەسەر خەڵكدا، پێویستە كاربەدەستان وەكو باوكێكی بەبەزەیی بن بۆ تاوانباران، ئەگەر باوك وازبێنێت لە ڕێنمایی كردنی منداڵەكەی " وەك دایكی دەیەوێت بیبورێت و لێیخۆش بێت " ئەو كاتە منداڵەكەی خراپ دەبێت و لەڕێگە دەردەچێت، بەڵكو باوك ڕێنمونی منداڵەكەی دەكات لەبەر ئەوەی منداڵێكی باشی بێت و لەڕێگە دەرنەچێت، هەرچەند منداڵەكەش واگومان ببات كە پێویستی بە ئامۆژگاری و ڕێنمونی كردن نییە، وەكو پزیشك كاتێك پێویست دەكات دەرمانی تاڵ و ژاڵ دەرخواردی نەخۆشەكانی دەدات، وە هەروەها ئەو ئەندامەی مرۆڤ كە توشی شێرپەنجە دەبێت یبۆ پاراستنی بەشەكانی تری پێویستە ئەو ئەندامەی ببڕێت، وە لەكاتی كەڵەشاخ كردندا لەبەر چارەسەركردن پێویستە مولولەكانی خوێن بریندار بكرێن بۆ ئەوەی خوێنیان لێبێتە دەرەوە، وە هەروەها مرۆڤ دەرمانی بۆن و تام ناخۆش دەخوات و دەخواتەوە و خۆی توشی ناڕەحەتی دەكات بۆ ئەوەی تووشی ئاسودەیی ببێت.

    بەو شێوەیە ئەو جۆرە سزایانە لەشەریعەتدا دانراون، وە پێویستە مەبەستی كاربەدەست لە سەپاندنی ئەو جۆرە سزایانە هاوشێوەی پزیشك و نەخۆشەكانی بێت، چونكە هەركاتێك مەبەستی چاككردنی خەڵك و یاساغی كردنیان بێت لە خراپەكاری، بە دەستەبەركردنی سود وقازانج بۆیان و دورخستنەوەی ئەو شتانەی زیان بەكۆمەڵگە دەگەنێت، لەوەشدا تەنها مەبەستی ڕەزامەندنی خودا و گوێڕایەڵی ئەوبێت، خودا دڵەكانی بۆ نەرم دەكات، هەموو هۆكاری باش و خێری بۆ ئاسان دەكات، و سزادانی ئەو كەسانەی بۆ ئاسان دەكات، ئەو كەسەش كە سزا دەدرێت ڕازی دەبێت كاتێك سزای تاوانەكەی بەسەردا بسەپێت.

    بەڵام ئەگەر مەبەستی خۆسەپاندن بێت بەسەر خەڵكدا و جێگیركردنی پایەی دەسەڵاتەكەی، بۆ ئەوەی بەگەورە و بەهێزی بزانن یان هەرچی ماڵ و سەروەتی لێداواكردن سەرپێچی نەكەن، ئەوكات مەبەستەكەی بەسەر خۆیدا دەشكێتەوە، گێڕاوەتەوە لە عمری كوڕی عبدالعزیزەوە رضي الله عنه پێش ئەوەی ببێتە خەلیفەی موسڵمانان نوێنەری ولیدی كوڕی عبدالملك بوو لەسەر مەدینەی پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم، ئەو كاتە بەسیاسەتێكی دانایانە خەڵكی ئەو شارەی سیاسەت دەكرد، جارێك حجاج لە عێراقەوە چوو بۆ مەدینە كە توشی خراپترین حاڵی كردبوون، پرسیاری لەخەڵكی شاری مەدینە كرد، عمر كەسێتی چۆنە لە نێوانتاندا ؟ وتیان: ناتوانین سەیری بكەین، وتی ئەی خۆشتان دەوێت ؟ وتیان: لەكەس و كارمان خۆشەویسترە، وتی: ئەی ئەدەب و ڕەوشتی چۆنە ؟ وتیان: ڕوشت بەرزە و زۆر نزیكە لێمانەوە، وتی: ئەوە كەسیەتی بێت و ئاوا خۆشتان بوێت و هەڵس و كەوتی ئاوابێت، ئەوە شتێكە خودا لە ئاسمانەوە پێیداوە.

    ئەگەر دەستی دز بڕا پێویستە خوێنەكەی بوەستێنرێتەوە، وە باش وایە دەستی بكرێتە ملی، ئەگەر بۆ جاری دووەم دزی كرد، پێی چەپی دەبڕێت، وە ئەگەر بۆ جاری سێیەم و چوارەم دزی كرد، هاوەڵان و زانایانی دوای ئەوان دوو بۆچونیان هەیە، یەكەمیان: ئەوەیە دەست و پێكەی تری دەبڕێت، ئەوە وتەی أبو بكرە رضي الله عنه و مەزهەبی شافعی و ئەحمەدە لەوتەیەكی دا، دوومیان: ئەوەیە زیندانی بكرێت، ئەوەش وتەی علی رضي الله عنه و كوفیەكان وئەحمەدە لەوتەیەكی تریدا، وە كاتێك دەستی دەبڕێت شتە دزراوەكە چواریەكی دینارێكی زێڕبێت یان سێ درهەمی زیو بێت لەلای خەڵكی حجاز و فەرمودەناسان (أهل الحديث) و كەسانی تریش، وەك مالك و شافعی و ئەحمەد، وە هەیانە دەڵێت: دەبێت شتە دزراوەكە دینارێكی زێر یـان دە درهەمی زیو بێت، هەركەسێك ئەو بڕەی سەرەوە بدزێت دەستی دەبڕێت بە بۆچونی هەموان، لە هەردوو صحیحەكەدا لە عبدالله كوڕی عمر رضي الله عنه گێڕاوەتەوە: « أن رسول الله صلى الله عليه وسلم، قطع في مجن ثمنه ثلاثة دراهم " وفي لفظ مسلم: « قطع سارقا في مجن قيمته ثلاثة دراهم ». [رواه البخاري(6795)،ومسلم(1686) ]..، واتە: پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم دەستی بڕی لەبەر قەڵغانێك نرخەكەی سێ درهەم بوو، وە لە مسلمدا: دەستی دزێكی بڕی لەبەر ئەوەی قەڵغانێكی دزیبوو نرخەكەی سێ درهەم بوو، دیسان لە هەردوو صحیصەكە لەعائیشە ـ خوای لێ ڕازی بێت ـ گێڕاوەتەوە: پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم فەرمووی: « تقطع اليد في ريع دينار فصاعدا ». رواه البخاري(6790)،ومسلم(1684) وفي رواية لمسلم: « لا تقطع يد السارق إلا في ربع دينار فصاعداً ». رواه مسلم(1684) وفي رواية للبخاري، قال: « اقطعوا في ربع دينار، ولا تقطعوا فيما هو أدنى من ذلك ». رواه احمد (23994)،وصححه الألباني في صحيح الجامع(1181)..

    واتە: دەستی دەبڕێت لە چواریەكی دینارێك بەرەو سەرەوە، وە لە مسلمدا: دەستی دز نابڕێت لەچواریەكی دینارێك بەرەو سەرەوە نەبێت، وە لەلای بخاری دەفەرموێت: لەچواریەكی دینارێك دەست ببڕن، لەوەكەمتر دەست مەبڕن، لەوكاتەدا چواریەكی دینارێك سێ درهەم بووە، وە یەك دینار دوازدە درهەم بووە. وە كەسێك بەدز ناژمێرێت تاكو ماڵ لەسنوری تایبەت ودیاری كراوی ماڵەكەدا نەبات، وە ئەو پارەی كە لە خاوەنەكەی ونبووە، وە بەربوومی كشتوكاڵی كە لە بیابانێكدایە بەبێ پەرژین، وە مەڕ وماڵات كە شوانی لەگەڵدا نەبێت، هاوشێوەی ئەو جۆرە ماڵانە دەستی دزەی پێ نابڕێت، بەڵام سەرزەنشت دەكرێن و پێیدەبژێرێت (الغرامە)، وەك لە سوننەتدا هاتووە.

    بەڵام هەندێك زانایان ئەو فەرمودەیە بە ( ضعيف) دەزانن، ئەوەی كەوای وتووە ئەحمەد و ئەوانی ترن، رافعی كوڕی خدیج دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم بوو دەیفەرموو:« لا قطع في ثمر ولا كثر ». رواه أبوداود(4388)،والترمذي(1449)،والنسائي(4960)،وابن ماجه(2593)،وصححه الألباني في صحيح الجامع(7545) واتە: دەست بڕین نییە لەدزینی بەروبووم و ناوكرۆكی دارخورما، وە عمرو كوڕی شعیب لە باوكی و باپیریەوە دەگێڕێتەوە رضي الله عنه وتی: « سمعت رجلاً من مزينة يسأل رسول الله صلى الله عليه وسلم، قال: يا رسول الله جئت أسألك عن الضالة من الإبل، قال: معها حذاؤها وسقاؤها، تأكل الشجر، وترد الماء، فدعها حتى يأتيها باغيها، قال: فالضالة من الغنم، قال: لك أو لأخيك أو للذئب، تجمعها حتى يأتيها باغيها: قال: فالحريسة التي تؤخذ من مراتعها ؟ قال: فيها ثمنها مرتين، وضرب نكال، وما أخذ من عطنه، ففيه القطع إذا بلغ ما يؤخذ من ذلك ثمن المجن، قال: يا رسول الله: فالثمار وما أخذ منها من أكمامها قال: من أخذ منها بفمه، ولم يتخذ خبنة فليس عليه شيء، ومن احتمل فعليه ثمنه مرتين، وضرب نكال، وما أخذ من أجرانه ففيه القطع، إذا بلغ ما يؤخذ من ذلك ثمن المجن، وما لم يبلغ ثمن المجن، ففيه كرامة مثليه، وجلدات نكال». رواه ابوداود(1710)،وحسنه الألباني في صحيح أبي داود،وأنظر الإرواء(2519).

    واتە: گوێم لە پیاوێكی (مزینە) ی بوو پرسیاری لە پێغەمبەری خودا دەكرد صلى الله عليه وسلم وتی: ئەی پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم پرسیاری حوشترێكت لێدەكەم كە ون بووبێت، فەرمووی: (پێڵاو و ئاوی لەگەڵ خۆیدایە، لەوەڕ دەخوات و ئاو دەخوات، واتە: لێگەڕێ تاكو خاوەنەكەی ڕێی لێدەكەوێتەوە، وتی: ئەی ونبووی مەڕوماڵات ؟ فەرمووی: بۆ تۆیە یان بۆ براكەت یان بۆ گورگە، دەتوانیت بیبەیت بەڵكو خاوەنەكەی بێت بەدوایدا، وتی: ئەی ئەو كەسەی كە مەڕلە لەوەڕگەكەی دەبات و لەناوی دەدات چی لەسەرە ؟ فەرمووی: دوو ئەوەندەی نرخەكەی لێوەردەگیرێت ولێدەدرێت و سەرزەنشت دەكرێت، وە ئەو حوشترەی لە پەچەكەیدا دەبرێت و لەناودەبرێت، دەست بڕینی لەسەرە ئەگەر نرخی حوشترەكە لەنرخی قەڵغانێك زیاتر بوو كە سێ درهەمە، وتی: ئەی پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم ئەی بەربووم و ئەوەی لەپەرژینی كێڵگەیەك دەبرێت ؟ فەرمووی: ئەوەی بەشی خواردنی دەبات وە لێی هەڵناگرێت لەگەڵ خۆیدا هیچی لەسەر نییە، وە ئەوەی لەگەڵ خۆیدا لێی دەبات دوو ئەوەندەی نرخەكەی لێوەردەگیرێت و لێدەدرێت و سەرزەنشت دەكرێت، وە ئەوەی لەخەرمان شت دەبات دەستی دەبڕێت ئەگەر ئەوەی بردویەتی بە ئەندازەی نرخی قەڵغانێك بێت، ئەگەر نەگەیشتە ئەو ئەندازەیە دوو ئەوەندەی نرخەكەی لێوەر دەگیرێت و لێدانیش دەكرێت، ئەو فەرموودەی سەرەوە بەو شێوە لای (النسائی) یە، لەبەر ئەوەیە پێغەمبەری خودا صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت: « ليس على المنتهب ولا على المختلس ولا الخائن قطع ». (*)

    واتە: تاڵانكەر و ڕاوڕوتكەر (ڕفێنەر) و ناپاك (ئەمانەت خۆر) دەست بڕینیان لەسەر نییە، تاڵانكەر ئەو كەسەیە لەپێش چاوی خەڵك ماڵەكە دەبات، وە ڕاوڕوتكەر كەسێكە دەیەوێت شتێك ببات، بەڵام پێش ئەوەی بیبات هەستی پێدەكرێت، بەڵام جەردە و گیرفان بڕ ئەوانەی گیرفانی خەڵك دەبڕن و زەمیلەی شتومەك دەبەن بۆچونی ڕاست ئەوەیە دەستیان دەبڕێت.

    ========================

    (*) رواه ابوداود(4392، 4393)والترمذي(1448)، والنسائي(4971)، وصححه الألباني في صحيح الجامع (5402)، قال ابن العثمين رحمه الله: ويستثنى من ذلك العارية فانه ثبت عن النبي صلى الله عليه وسلم أنه قطع في جحد العارية.

    سهرچاوهی بابهت: سایتی بهههشت http://www.ba8.org