×
نوسینی: له‌یلى علی عبد العزیز پێویسته‌ هه‌موو دایك وباوكێك ئاگادارو چاودێری منداڵه‌كانیان بن له‌مه‌ترسییه‌كانی به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت به‌ئاگابن بزانن كه‌ هه‌رگیز شتێكی ئه‌مین و ئه‌مان نییه‌ و په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان نه‌ده‌نه‌ ده‌ست تاوه‌كو مناڵه‌كانیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن.

    خه‌مۆكی فه‌یسبوك

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    له‌یلا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز

    پێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2011 - 1432

    ﴿ كآبة الفيس بوك ﴾

    « باللغة الكردية »

    ليلى علي عبد العزيز

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2011 - 1432

    خه‌مۆكی فه‌یسبوك

    ئێستا خێرایی بڵاوبونه‌وه‌ وایكردووه‌ هه‌رشتێك یاخود هه‌ر داهێنانێك له‌دونیادا بكرێت ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ستی هه‌موو كه‌س و ده‌توانن به‌كاریبهێنن به‌شێوه‌یه‌ك خێرا ده‌بێته‌ باو و جێی باس و خواسی خه‌ڵكی و ئه‌وه‌ی نه‌یبێت یاخود نه‌توانێت به‌كاری بهێنێت ده‌بێته‌ عه‌یبه‌.

    ئه‌مڕۆ زۆر كه‌س به‌تایبه‌ت هه‌رزه‌كاران پشت ده‌به‌ستن به‌ به‌كارهێنانی تۆڕو ماڵپه‌ڕه‌كانی به‌یه‌كگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك (فه‌یسبوك و تویتر) كه‌ هه‌موو كه‌س ده‌توانێت به‌خۆڕایی تێیدا به‌شداربێت و بێ به‌رامبه‌ر به‌كاری بهێنێت به‌ڵام ئه‌مانیش وه‌ك هه‌رشتێكی تر وه‌ك چۆن سودیان هه‌یه‌ زیانیشیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت به‌كارهێنانی له‌ڕاده‌به‌ده‌رو(ادمان)بوون و خوگرتن پێیانه‌وه‌ ئاسه‌واری خراپ و زیانی لابه‌لای زۆریان لێئه‌كه‌وێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌لایه‌نی ئه‌خلاقی و ره‌فتارییه‌وه‌ تاده‌گاته‌ ته‌ندروستی، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا زیاتر باسی لێوه‌ ده‌كرێ ده‌مه‌وێ لێره‌دا باسی بكه‌م ئه‌و دیارده‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌كادیمیای پزیشكی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكی دا به‌ (خه‌مۆكی فه‌یسبوك )ناوی ده‌بات له‌كاتێكدا مناڵ یان هه‌رزه‌كارێك چه‌ند كاتژمێر له‌سه‌ریه‌ك له‌به‌رده‌م ئه‌و شاشه‌یه‌دا داده‌نیشێت و كاتێكی زۆر پێوه‌ی خه‌ریك ده‌بن دووچاری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌ ده‌بن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خودی په‌یوه‌ندیه‌كانیش له‌ته‌مه‌نێكی هه‌رزه‌كاریدا مه‌ترسی خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ئێستا له‌سایه‌ی ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیانه‌وه‌ هه‌موو بونه‌ته‌ هه‌رزه‌كار! به‌كارهێنه‌ران پێشبڕكێ ده‌كه‌ن له‌وه‌ی كێ هاوڕێی زیاتری هه‌یه‌ تاوه‌كو له‌و ڕێگایه‌وه‌ ناوبانگ په‌یدابكه‌ن له‌كاتێكدا ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌بێ هیچ قه‌یدو به‌ندێكه‌ و ئه‌توانیت له‌م ڕێگایه‌وه‌ به‌ئاسانی هه‌موكه‌س بناسیت، هه‌ر ئه‌و پێشبڕكێ بۆ زیاتركردنی هاوڕێ ده‌بێته‌ هۆی ئیره‌یی بردن و سه‌رده‌كێشێت بۆ زۆر شتی تر، وه‌ ئه‌و كاته‌ زۆره‌ی به‌سه‌ری ده‌به‌یت له‌ناو فه‌یسبوكدا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ژیانی واقیعی بچیته‌ ده‌ره‌وه‌ بێئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكه‌یت كه‌سێكی تری، دواتر له‌ژیانی واقیعیدا هه‌ست به‌ته‌نهایی و خه‌مۆكی ده‌كه‌یت.

    پێویسته‌ هه‌موو دایك وباوكێك ئاگادارو چاودێری منداڵه‌كانیان بن له‌مه‌ترسییه‌كانی به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت به‌ئاگابن بزانن كه‌ هه‌رگیز شتێكی ئه‌مین و ئه‌مان نییه‌ و په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان نه‌ده‌نه‌ ده‌ست تاوه‌كو مناڵه‌كانیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، برایه‌كی بانگخواز له‌ میسر مامۆستای زانكۆیه‌ له‌ نوسینێكیدا باس له‌وه‌ده‌كات ده‌ڵێ: مامۆستایه‌كی هاوڕێی مه‌سیحیم هه‌بوو چومه‌ ماڵه‌كه‌یان بینیم ته‌له‌فزیۆنیان نییه‌ زۆرسه‌رم سوڕما كه‌ له‌م چه‌رخی سه‌ته‌لایت و هه‌راو به‌زمه‌دا چۆن تی ڤی یه‌كی نیه‌ ئه‌ڵێ كاتێك له‌ هۆكاره‌كه‌یم پرسی له‌وه‌ڵامدا وتی: چۆن په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانم ده‌ده‌مه‌ ده‌ست ئامێرێك! له‌كاتێكدا نه‌زانم چی په‌خش ده‌كات وه‌ به‌ چ مه‌به‌ستێك ده‌یكات ئه‌مه‌ ئه‌و كابرا نه‌صرانییه‌ وابڵیت ئێمه‌ بڵێین چی كه‌ هه‌مووی دژی دین و ئه‌خلاقمانه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و بۆ ئامێرێكی تیڤی واده‌ڵێت!

    به‌هه‌رحاڵ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ باسه‌كه‌مان دوور نه‌كه‌وینه‌وه‌ دێینه‌وه‌ سه‌رباسی فه‌یسبوك ده‌رونناسان ده‌ڵێن هه‌ركاتێك دایك و باوك منداڵه‌كه‌یان له‌ ژورێكدا بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌به‌رده‌م شاشه‌ی كۆمپیوته‌ر مایه‌وه‌ ئه‌وكات ده‌بێ هه‌ست به‌مه‌ترسی بكه‌ن ده‌بێت تێكه‌ڵی چالاكی تریان بكه‌ن تاوه‌كو له‌خه‌مۆكی فه‌یسبوك به‌دووربن.

    (فه‌یسبوك) پێگه‌یه‌كی یه‌كترناسینی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و له‌ساڵی 2004دا كراوه‌ته‌وه‌ و ژماره‌ی به‌شداربوانی تابێت له‌ زیادبوندایه‌ به‌ جۆرێك تاكۆتایی ئه‌م ساڵ ده‌گاته‌ یه‌ك ملیار كه‌س .