×
ئه‌م وتاره‌ بریتیه‌ له‌ وه‌رگێرانی به‌شیك له‌ په‌رتووكی ( هۆكاره‌كانی ثه‌بات وجێگیر بوون له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌ ) كه‌ شێخ محمد كوڕی صالحی المنجد نوسیویه‌تی، نووسه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌روه‌رده‌ی ئیمانی به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیمانیانه‌ی زانستیانه‌ی تێگه‌یشتوانه‌ كه‌ پله‌ به‌ندی تێدا ڕه‌چاو بكرێت هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌هۆكاره‌كانی جێگیر بوون وثه‌بات له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌، ئه‌و په‌روه‌رده‌ ئیمانیه‌ی كه‌ دڵ وده‌روون و ویژدان به‌ ترس وهیواو وئومێد به‌خوا بوون و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و زاته‌ به‌رز وپیرۆزه‌ زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ناته‌بایه‌ له‌گه‌ڵ ووشكی ودووره‌ په‌رێزی كه‌ به‌رهه‌می دووریه‌ له‌ ده‌قه‌كانی قورئان وسوننه‌ت، وهۆگری بوونه‌ به‌ ووته‌ وگوفتاری كه‌سانی تر، خوا په‌نامان بدات ..

    په‌روه‌رده‌ی ئیمانی هۆكارێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی جێگیر بوون وثه‌بات له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌

    التربیة الإيمانية من وسائل الثبات علی دین الله

    < كوردی -كردي - kurdish >

    شێخ محمد كوڕی صالح ئه‌لمونه‌جید

    الشيخ محمد بن صالح المنجد

    —™

    وه‌رگێرانی: ده‌سته‌ی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام هاوس

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    ترجمة : فريق اللغة الكردية بموقع دار الإسلام

    مراجعة: بشتیوان صابر عزیز

    په‌روه‌رده‌ی ئیمانی هۆكارێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی جێگیر بوون وثه‌بات له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌

    سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان وه‌ درود وصه‌ڵات وسه‌لام بۆ سه‌ر محمدی كوڕی عه‌بدوڵا و ئال وبه‌یت و یار ویاوه‌ر و شوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    په‌روه‌رده‌ی ئیمانی به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیمانیانه‌ی زانستیانه‌ی تێگه‌یشتوانه‌ كه‌ پله‌ به‌ندی تێدا ڕه‌چاو بكرێت هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌هۆكاره‌كانی جێگیر بوون وثه‌بات له‌سه‌ر ئاینی خوای گه‌وره‌.

    ئه‌و په‌روه‌رده‌ ئیمانیه‌ی كه‌ دڵ وده‌روون و ویژدان به‌ ترس وهیوا وئومێد به‌خوا بوون و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و زاته‌ به‌رز وپیرۆزه‌ زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ناته‌بایه‌ له‌گه‌ڵ ووشكی ودووره‌ په‌رێزی كه‌ به‌رهه‌می دووریه‌ له‌ ده‌قه‌كانی قورئان وسوننه‌ت، وهۆگری بوونه‌ به‌ ووته‌ وگوفتاری كه‌سانی تر، خوا په‌نامان بدات ..

    په‌روه‌رده‌ی زانستیانه‌ له‌سه‌ر به‌ڵگه‌ی ڕاست ودروست وصه‌حیح بنیات ده‌نرێت، كه‌ ئه‌ویش ناته‌بایه‌ له‌گه‌ڵ چاولێكه‌ری و له‌گه‌ڵ بوونی كوێرانه‌ی خه‌ڵكی، كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی شه‌رعی نیه‌ .

    په‌روه‌رده‌ی تێگه‌یشتوانه‌ی واعیانه‌ ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ كه‌ شوێنكه‌وته‌ی ڕیبازی تاوانباران و بێباوه‌ڕان نیه‌، وه‌ له‌ ته‌واوی پیلانه‌كانی دوژمنانی ئیسلام ده‌كۆڵێته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا زۆر ئاگاداری بارودۆخی حازری موسڵمانانه‌، وتێگه‌شتنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ ڕووداوه‌كان و زۆر به‌ووردی هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێت، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ناته‌بایه‌ به‌ بیری داخراو وخۆكورتهه‌ڵهێنان له‌ ژینگه‌یه‌كی داخراوی دیاریكراودا . ‌

    په‌روه‌رده‌یه‌ك كه‌ پله‌ به‌ندی تێدا ڕه‌چاو كرا بێت، هه‌وڵده‌دات هه‌نگاو به‌هه‌نگاو وزۆر له‌سه‌رخۆ به‌ تاكی موسڵمان هه‌ڵهێنێت، به‌شێوه‌یه‌ك وورده‌ وورده‌‌ به‌ پلانێكی تۆكمه‌ی هاوسه‌نگ ئاستی ڕۆشنبیر به‌رز بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ناته‌بایه‌ له‌گه‌ڵ شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی و تیژپه‌ڕی و بازادانی ڕوخێنه‌ردا، كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ڕوخاندنی هه‌مووی ئه‌وه‌ی پێشتر بنیات نراوه‌ .

    بؤ ئه‌وه‌یش كه‌ گرنگی ئه‌م هۆكاره‌ وه‌ك هۆكارێكی پابه‌ند بوون و جێگیر بوون له‌سه‌ر دینه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ بزانین، پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ بگه‌ڕێێنه‌وه‌ بۆ ژیان و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم )، وه‌ له‌خۆمان بپرسین : -

    -ئایا سه‌رچاوه‌ی پابه‌ند بوون و جێگیر بوون و ثه‌باتی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌ مه‌ككه‌دا چی بوو ؟ له‌و كاتانه‌ی كه‌ هه‌ر هه‌موویان ڕووبه‌ڕووی جۆره‌ها لێدان و چه‌وسانه‌وه‌ ده‌بوونه‌وه‌ ؟

    -ئایا بیلال و خه‌باب و موصعه‌ب و ئالی یاسر و غه‌یری ئه‌وانیش له‌ چه‌وساوه‌كان و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌ هاوه‌ڵانیش چۆن ثابت ودامه‌زراو و جێگیر بوون له‌سه‌ر ئیمان و ئیسلام، هۆكاره‌كه‌ی چی بوو ؟ چۆن توانیان خۆڕاگربن له‌و ساڵانه‌ی دووچاری ئابڵوقه‌ی ئابووری بوونه‌وه‌ له‌ شیوی ئه‌بوطالبدا ؟

    -ئایا ده‌گونجێت ئه‌م هه‌مووه‌ خۆڕاگریه‌ به‌بێ هۆكار بوبێت ؟ ئایا ده‌گونجێت بێ بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیمانی به‌هێزی قوڵی ڕه‌گ داكووتاو كه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ ( صلی الله علیه وسلم ) سه‌رچاوه‌ی گرتبێت هاتبێته‌ بوون ؟ چی وای له‌و كه‌سانه‌ ده‌كرد كه‌ واز له‌ ته‌واوی خۆشی وڕابواردنه‌كانی دونیا بهێنن و ئاماده‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌ردی سه‌ری و سزا ولێدان و ڕاوه‌ دوونانه‌ ببن، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئیمان و باوه‌ڕێكی به‌هێز نه‌بێت كه‌ پاش په‌روه‌رده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌رانه‌ ڕه‌گی داكوتا بێت له‌ناخیاندا چی تره‌ ؟

    بۆ نموونه‌ با یه‌كێك له‌و هاوه‌ڵانه‌ وه‌ربگرین كه‌ چۆن ڕوو به‌ڕووی سزادان ده‌بوویه‌وه‌ و زۆریان لێده‌كرد كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بت په‌رستی و واز له‌ ئیمان و باوه‌ڕه‌كه‌ی بهێنێت، ئه‌ویش خه‌بابی كوڕی ئه‌ره‌ت بوو خوا لێی ڕازی بێت، ئه‌م هاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌ سه‌ید و گه‌وره‌كه‌ی سیخ و شیشی ئاسنی به‌ ئاگر داخ ده‌كرد تا ئه‌و ئاسته‌ی به‌ته‌واوه‌تی سوور ده‌بوویه‌وه‌، پاشان به‌ڕووی ده‌ینا به‌ پشتیه‌وه‌، وده‌ستی هه‌ڵنده‌گرت له‌ سزادانی هه‌تاوه‌كو هه‌موو گیانی داخ ده‌كرد، هێنده‌ی داخ كردبوو هه‌مووی چه‌وری له‌ش وگیانی توابویه‌وه‌، و هه‌ندێك جار ئه‌و شیش وسیخانه‌ی كه‌ پێی داخ ده‌كرد له‌ژێر گۆشته‌كه‌یوه‌ به‌ شه‌حم وچه‌وری له‌شی سارد ده‌بوونه‌وه‌، ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئیمان وباوه‌ڕی ئه‌م ده‌سته‌ وكۆمه‌ڵه‌ی كه‌ شوێن ئیسلامه‌كه‌ی تۆ كه‌وتون ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ی ڕاست ودروستی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ت و ئومێد به‌ گه‌یشتن به‌ تۆ نه‌بێت كێ ده‌توانێت به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌مووه‌ ئازاره‌ بگرێت ؟

    -یان بیلالی حه‌به‌شی له‌و گه‌رمایه‌ی شاری مه‌ككه‌ و به‌و هاوێنه‌ پڕوكێنه‌ره‌ به‌ردی گه‌وره‌ی زه‌به‌لاحیان ده‌خسته‌ سه‌ر سك و لاشه‌ی و به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌ر ( أحدٌ أحدٌ ) ی بوو، یان سومه‌یه‌ ویاسر چۆن كۆت وبه‌ند ده‌كران وبه‌ به‌رچاوی عه‌ماری كوڕیانه‌وه‌ به‌ نێزه‌ی بێباوه‌ڕان شه‌هید كران ؟

    لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌ویش هه‌ڵوێستێكه‌ له‌ سه‌رده‌می مه‌دینه‌ و پاش كۆچكردن و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ سه‌ركردایه‌تی پێشه‌وامان محمد المصطفی ( صلی الله علیه وسلم )، ئایا ئه‌وانه‌ كێ بوون له‌ غه‌زوه‌ی حونه‌یندا له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) مانه‌وه‌ وده‌وریان چۆڵ نه‌كرد له‌كاتێكدا زۆربه‌ی موسڵمانان شكان و پشتیان هه‌ڵكرد ؟ ئایا ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا مانه‌وه‌‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌ تازه‌ موسڵمان و موسڵمانی پاش فه‌تحی مه‌ككه‌ بوون، كه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی به‌هێزی ئیمانی وا نه‌كرا بوون له‌ قوتابخانه‌كی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) كه‌ بۆ غه‌نیمه‌ و ماڵ كۆكردنه‌وه‌ هاتبوون ؟ نه‌خێر و سه‌د جار نه‌خێر، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كه‌ دامه‌زراو و ثابت بوون، ئه‌وانه‌ بوون كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وای ئازیزمان محمد المصطفی ( صلی الله علیه وسلم ) په‌روه‌رده‌ كرا بوون، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ ڕووداو و هه‌ڵوێستانه‌ پیاوی ئازای به‌جه‌رگی خاوه‌ن مه‌بده‌ء و ئیمانی به‌هێزی ده‌وێت، كه‌ به‌رگه‌ی هه‌موو ناخۆشی و ڕه‌شه‌بایه‌كی به‌هێز بگرێت، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵویستانه‌ به‌ كه‌سانێكی به‌رژوه‌ندی خوازی دونيای ناكرێت .

    ئایا ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ نه‌بێت، به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی ئیمانی ڕه‌گ داكوتاو له‌ناخ و دڵو ده‌رونیاندا كێ هه‌یه‌ بتوانێت خۆڕاگر بێت له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌مووه‌ ناخۆشی و نه‌هامه‌تیه‌دا، بێگومان كاری ئیسلامی و بانگه‌واز بۆ ئاینه‌ پیرۆزه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌، كه‌سانێكی په‌روه‌رده‌ كراوی له‌و شێوه‌یه‌یان ده‌وێت .

    [داواكارین له‌خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ثابت ودامه‌زراو وبه‌رده‌واممان بكات له‌سه‌ر ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ڕێبازی ئه‌هلی سوننه‌ت وجه‌ماعه‌ت. ئامین یارب العالمین ..] وه‌رگێڕ

    وصلى وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

    سه‌رچاوه‌ : په‌رتووكی : وسائل الثبات علی دین الله .